شاعیر: مینە جاف
کتێب: دیوانی مینە جاف
سەرناو: کە من شیروانە جێگەم بێ لە فیردەوسی بەرینم چی

کە من شیروانە جێگەم بێ لە فیردەوسی بەرینم چی
کە یار هاوڕێ و ڕەفیقم بێ لە وەسڵی حووری عینم چی

کە شەهدی لەعلی لێوی دڵ ستانم دەسکەوێ جا من
لە ئاوی کەوسەری جەننەت لە شەهد و ئەنگەبینم چی

کە باڵای سەرو و باڵای یار لەبەر چاوم ببێ مەوجوود
لە سەرو و عەرعەر و تووبا و تاووسی ڕەنگینم چی

لە زوڵف و پرچی ئەو شۆخەم بە لای ملیا ببێ پەخشان
لە پرج و کاکۆڵی تاتای غوڵامی مەهجەبینم چی

کە لەنجە و لاری ئەو یارەم لەبەر چاو بێ ئەمن ئاخر
لە لەنجەی تووتی و قومری و کەوی گەردەن خەتینم چی

تەماشای خاڵی شین و چاوی بیماری نگارم کەم
لە سەیری سۆسەن و نەرگس لە موشک و یاسەمینم چی

لە دنیادا کە من شیروانە وەک فیردەوسی پێشوو بێتە بەر چاوم
لە پاریس و لە ئاستانە وە یا تاران و چینم چی

کە شوعلەی کوڵمی ئەو شۆخەم بدات پرتەو بە گشت لایێ
لە شیرین و لە لەیلا و زولەیخا خۆرنشینم چی

کە من وەک مینە ماچی کوڵمی یاری خۆم نەسیبم بێ
لە یادی شەربەتی لیمۆ وە یا ئەسکەنجەبینم چی